چاكسازییه ئابوورییه‌كان له‌قۆناغی بونیادنانی نه‌ته‌وه‌یی دا
نوسینی سه‌روه‌ر كه‌مال هاواری | |
Thursday, 30 June 2011 | |
له‌م قۆناغه ناسكه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا دووباره شۆڤێنییه‌كان و هێزه‌كانی دژ به كوردستان سه‌رقاڵی داڕشتنه‌وه‌و خۆئاماده‌كردنن بۆ جێبه‌جێكردنی پیلان و هێرشكردنه سه‌ر
ده‌سكه‌وته‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و ئازاردانی به‌شێكی گرنگی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌ناوچه دابڕاوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كه تاكو ئه‌مڕۆش له‌هێرش و تیرۆری شۆڤێنی و هێزه توندڕه‌وه‌كان ده‌ربازیان نه‌بووه، جموجوڵه‌كانی ئه‌م دواییه له كه‌ركووك و ناوچه دابڕاوه‌كان و ناردنی گروپ و تاقمی تیرۆرستی له‌ده‌ره‌وه‌ی ولاَت هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی هه‌مان پیلاندا دێت. هه‌ربۆیه ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موو پارته سیاسییه‌كان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ئه‌كادیمی و قوتابیان و خوێندكار‌و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی تری كۆمه‌ڵگای كوردییه به‌هۆشیارییه‌كی زیاتر بڕواننه به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان، ئه‌مه‌ش پاساوێك نییه بۆئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڵێن و به‌رنامه‌و كاره‌كانی چاكسازی پشتگوێ بخات، به‌ڵكو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی بالاَی نه‌ته‌وه‌كه‌مان و هه‌نگاونان به‌ره‌و چاكسازییه‌كان و بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی پێویسته ئه‌و كارنامه‌یه بێت كه‌به‌هاوتای یه‌كترو به‌زووترین كات له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه چاكسازییه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمدا هه‌نگاوی پراكتیكی بۆ بنرێت، له هه‌مان كاتدا ڕێگا نه‌درێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی و مه‌رامی تایبه‌تی زیان به‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بگه‌یه‌نرێت، ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی گه‌لی كوردستان له‌پێناویدا ده‌ریایه‌ك له خوێن و قوربانیدانی داوه. پرۆسه‌ی بونیادی نه‌ته‌وه قۆناغێكی هه‌ستیارو گرنگه‌و به‌خاڵی وه‌رچه‌رخانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك داده‌نرێت، به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی و بونیاتنانی ده‌وڵه‌تمان ده‌بات، له‌م قۆناغه‌دا هه‌موو ویست و ئامانج و خواسته‌كان به‌ره‌و دامه‌زرانی دامه‌زراوه‌ییه‌كان ئاراسته ده‌كرێت، ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی و رێكخستنێكی تۆكمه به سێكته‌ره گرنگه‌كانی ژیان ده‌به‌خشێت و سه‌روه‌ری بۆ یاسا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، ئه‌و یاسایه‌ی هیچ ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو دانه‌مه‌زراوه‌و بونیادنه‌نراوه بێ ئه‌وه‌ی هه‌موو پارته سیاسییه‌كان و دامه‌زراوه‌كان و تاكه‌كانی ناوكۆمه‌ڵگا ملكه‌چی نه‌بووبن. هه‌رێمی كوردستانیش كه به مێژوویه‌كی خوێناوی نووسراوه‌ته‌وه‌و شوێنه‌واری ئه‌و مێژووییه‌ش كاریگه‌ری خراپی له سه‌ر ژێرخانی ئابووری و كۆمه‌لاَیه‌تی به‌جێهێشتووه، له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر بووینه‌ته خاوه‌نی كه‌لتوورێكی تووندوتیژی كه له‌گه‌ڵ كه‌لتووری پێكه‌وه‌ژیان و ژیانی مه‌ده‌نییانه ناگونجێت. له‌هه‌رێمی كوردستان پێش بونیادنانی نه‌ته‌وه هه‌نگاو به‌ره‌و پرۆسه‌ی دیموكراتی نراوه ره‌نگه ئه‌م دۆخه ئاسایی بێت، گه‌رچی زۆربه‌ی ولاَتانی بلۆكی سۆشیالیستی پێشوو ولاَتانی تری تازه‌پێگه‌یشتوو گیرۆده‌ی هه‌مان گرفت بوون ئه‌ویش پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانی و به‌رژه‌وه‌ندی و خواسته‌كانی تاكه‌كه‌سییه، واتا چۆن بتوانرێت له‌ڕێگای بونیادنانی نه‌ته‌وه‌وه داواكاری و پێداویستییه‌كانی تاكه‌كه‌سی به‌رز بكرێنه‌وه بۆ ئاستی به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان، له‌هه‌موو جیهاندا زۆرن ئه‌زموونی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی له‌دوای شه‌ڕ هه‌نگاو به‌ره‌و كۆتایهاتن به‌شه‌ڕو پرۆسه‌ی دیموكراتی ده‌نێن، به‌لاَم گرنگ ئه‌وه‌یه له‌و قۆناغه‌دا به ڕێگا راستێك هه‌موو توانا‌و ئامانجه‌كان ببرێت، كه ده‌مانگه‌یه‌نێته دیموكراتی و ئازادی ته‌واوو پرۆسه‌ی ئابووری بازاڕ‌و سه‌ربه‌خۆیی ئابووری ، نه‌ك چین و توێژه‌كانی نێوكۆمه‌ڵگا بۆ مه‌به‌ست و مه‌رامی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌و قین و تووند‌و تیژی ئیستغلال بكرێن، یا كه‌مینه‌یه‌كی گه‌نده‌ڵكار كاروانی خه‌باتمان به‌ئاراسته‌یه‌كی تردا ببه‌ن و له‌بری ئه‌وه‌ی به‌ره‌و ئابووری بازاڕ‌و خۆشگوزه‌رانی هه‌نگاو بنێین، به‌ره‌و پشێوی و گه‌نده‌ڵی و بێ یاسایی داچۆڕینه خواره‌وه. زۆرن ئه‌زموونی ئه‌و ولاَتانه‌ی له‌و قۆناغه‌دا حزب و پارته شمولییه‌كان به‌ناوی ئازادی و دیموكراتییه‌وه شه‌قامیان جولاَندوو ئیدعای پاراستنی مافه‌كانی هاولاَتییانیان كرد بێ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌ناو پارته‌كه‌دا هه‌ڵگری دیموكراتییه‌ت بن . ئه‌مڕۆ هه‌موو لایه‌ك باس له رۆڵی رۆشنبیریكردنی كۆمه‌ڵگاو هۆشیاری سیاسی ده‌كه‌ن بێ ئه‌وه‌ی گوێبدرێته ئه‌وه‌ی له‌قۆناغێكی واناسكدا نابێت دووباره كۆمه‌ڵگا ببرێته‌وه بۆ كه‌لتووری توندوتیژی و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئینتیما به‌خاك و نیشتمان، ئه‌و ئینتیمایه‌ی سه‌رجه‌م خواست و ویسته‌كانی ئازادی و دیموكراتی و ژیانی خۆشگوزه‌رانی تێیدا كۆده‌كاته‌وه. ئالێره‌دا رۆڵی پارته سیاسییه‌كان( پارته‌كانی فه‌رمانڕه‌واو ئۆپۆزسیۆن) و رێكخراوه‌كانی تری كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌رده‌كه‌وێت. ئێمه له‌سه‌ندیكای ئابووریناسی كوردستان به‌به‌رده‌وام هه‌ڵگری دروشمی چاكسازی و په‌ره‌پێدانی ئابووری بووین، تاوه‌كو له ڕێگای حكومه‌تێكی به‌هێزو حوكمڕانییه‌كی به‌تواناو شه‌فاف بتوانرێت مه‌ینه‌تی و ئازاره‌كانی ئه‌م گه‌له كه‌م ببێته‌وه، به‌به‌رده‌وامیش له‌م مینبه‌ره‌ی گۆڤاره‌كه‌مانه‌وه ئازادانه راوبۆچوون و بابه‌ته‌كانی ئابووریناسانمان بلاَوكردۆته‌وه، گه‌رچی ئێمه وه‌كو ستافی گۆڤار به‌رپرس نین له ناوه‌ڕۆك و ئاراسته‌ی فیكری نووسینه‌كان، به‌لاَم پشتگیری ته‌واوی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری ده‌كه‌ین له‌چوارچێوه‌ی پاراستنی به‌ها ئه‌خلاقییه‌كانی پیشه‌كه‌و پرۆڤیشناڵێتی رۆژنامه‌گه‌ری و ره‌چاوكردنی بنه‌ماكانی زانستی ئابووری، وا ده‌چێت بۆ 9 ساڵ له‌م مینبه‌ره‌وه به‌ده‌یان توێژینه‌وه‌و بابه‌ت و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستیمان له‌سه‌ر بابه‌ته جۆراوجۆره‌كانی ئابووری به‌ئازادانه بێ سانسۆر بلاَوكردۆته‌وه، كه خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به‌بواری رۆژنامه‌گه‌ری ئابووری و پێشخستنی هۆشیاری ئابووری له هه‌رێمی كوردستان گه‌یاندووه، ئه‌مه‌ش كه‌مترین ئه‌ركی ئابووریناسانه كه خواست و داواكارییه‌كانی شه‌قامی كوردستانی بۆ لایه‌نی ده‌سه‌لاَت( پارته‌كانی فه‌رمانڕه‌واو ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه) به‌رز بكاته‌وه، تاوه‌كو خواست و ویسته‌كان له‌چوارچێوه‌یه‌كی زانستی كۆبكرێنه‌وه‌و پلان و به‌رنامه‌ی وای بۆ داڕێژرێت كه به‌حه‌قیقه‌ت ببێته نه‌خشه‌ی ڕێَگا، چونكه له‌م سه‌رده‌مه‌دا زانستی ئابووری تێكه‌ڵ به كۆمه‌ڵێك یاسا‌و ته‌شریعاتی نێوده‌وڵه‌تی و چه‌مك و بۆچوونی وا بووه كه ناكرێت دوور له ئابووری نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌و بێ شاره‌زایی له ئه‌زموون و بیردۆزه جیهانییه‌كان ئابووری كوردستان به‌ره‌و شوێنێكی نادیاری ببه‌ین و دواتر زیانمه‌ندی سه‌ره‌كیش هاولاَتییان بن.
له‌م بارودۆخه‌ی ئه‌مڕۆی كوردستان هه‌ر هه‌نگاوو گۆڕانكارییه‌ك گه‌ر بێتوو پرس به‌شاره‌زایان و پسپۆرانی ئابووری نه‌كرێت، ئه‌وا ته‌نیا خولانه‌وه‌یه‌كه له ناو گێژاوی بازنه‌یه‌كی داخراوی قه‌یران و گرفته ئابوورییه‌كان، مێژووی نه‌ته‌وه‌و ولاَته‌كان سه‌لماندوویانه گۆڕانكاری و چاكسازی ته‌نیا دروشمی سیاسی نییه به‌ڵكو ئیراده‌ی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه كه زانایان و سه‌ركرده‌كان نه‌خشه‌ی ڕێگای بۆ داده‌ڕێژن، ئه‌مانه‌ش هه‌مووی له‌ناو چوارچێوه‌ی موئه‌سه‌ساده‌وه به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، به‌مشێوه‌یه هه‌نگاوی یه‌كه‌ممان بۆ ده‌ربازبوون له پاشكه‌وته‌یی و دواكه‌وتن و خراپی ئاستی بژێوی ژیان و نزمی ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان به دامه‌زراوه‌كان چاره‌سه‌رو بونیاد ده‌نرێت، ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی كه ئه‌مڕۆ له‌كوردستاندا هه‌یه‌و پێویستی به‌چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی جدی هه‌یه، با هه‌نگاوی یه‌كه‌میشمان له دامه‌زراوه ئابوورییه‌كانه‌وه بێت. به‌رزكردنه‌وه‌ی راده‌ی بژێوی و زیادبوونی داهاتی تاكه‌كه‌سی له هه‌رێمی كوردستان ، كه دوا ئامانجه له‌پرۆسه‌ی گه‌یشتن به قۆناغی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری ، پێویستی به ئاماده‌سازی هه‌یه له چوارچێوه‌ی دیموكراسی و حوكمڕانی باش و سه‌ركه‌وتوو ، كه به‌بێ هاوكاری و یارمه‌تیدانی هاولاَتییان مومكین نییه بكه‌ینه ئه‌و قۆناغه . |
—————